THURSDAY, 24 DECEMBER 2020 - 13:26 پەیمانگای واشەنتن: ئێزدییەکانی شەنگال بوونەتە قوربانیی ململانێی نێوان پەکەکە و پارتی بەشی جیهان- پەیمانگای واشەنتن هۆشداریی ئەوەی داوە کە ئێزدییەکان بوونەتە قوربانیی سەرەکیی ململانێی نێوان پارتی و پەکە و چاوەڕوانیش ناکرێت کە ئەو بابەتە بەم زووانە کۆتاییی پێبێت. |
کوردپرێس:
پەیمانگای واشەنتن لە ڕاپۆرتێکدا باسی وەزعی شەنگال و ناوچەی ئێزدی نشینی عێراقی کردووە بەڵام گرینگترین کێشەی ئەو ناوچەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ پاش هێرشەکەی داعش لە 2014 و تەنگەژەی نێوان پەکەکە و پارتی لە سەر کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ناوچەیەی نزیک لە سنووری سووریا.
پەیمانگاکە باسی هەوڵەکانی پەکەکە و پارتی بۆ پەرەپێدانی نفووزی خۆیان لە ناوچەی ئێزدینشین دەکات و دەنووسێت: هێرشی داعش و کشانەوەی هێزەکانی پارتی لە شەنگال و دەست بەردان لە ئێزدییەکان ئەوەش بە بێ بەرگری کردن، ئەو دەرفەتەی بۆ پەکەکە ڕەخساند کە ڕێڕەویێکی سەلامت بۆ دەربازبوونی ئێزدییەکان لە بەرامبەر هێرشی داعش بکاتەوە و لە ناوچەکە جێی پێی خۆی بکاتەوە و بە پێکهێنانی هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال نفووزی خۆی لە ناوچەکە زیاد بکات.
پەیمانگای واشەنتن بۆ توێژینەوەی خۆرهەڵاتی نزیک ئاماژە بە ململانێ و پێدادانی سووکی نێوان پەکەکە و پارتی دەکات و دەنووسێت: ئەم تەنگەژانە ئێستا هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەی ئێزدینشینی شەنگالیش چوونکە تا ئەم کاتەش ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دژایەتیی هێزەکانی سەر بە پەکەکەی لێکەوتۆتەوە بۆیە نەبۆتە هۆی کۆتاییهێنان بە تەنگەژەکان یان خود کشانەوەی هێزەکانی دژی پارتی لە شەنگال.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە جگە لە دژایەتییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە کۆمەڵێک کێشەی دیکەش لە شەنگال هەن کە 350 هەزار کوردی ئێزدیی ناوچەکە لە کامپەکان نیشتەجێ کراون و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان و ئێستاش ئاوارەن.
پەیمانگا ئەمریکییەکە ڕاوێژکاری ئیدارەی کۆشکی سپییە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەو قەناعەتەدایە کە پێداگری کردنی پەکەکە لە سەر نەکشانەوەی لە شەنگال لە سەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها ململانێی ئەو هێزانە لەگەڵ پارتی بۆتە هۆی ئەوەی تەنگەژەی نێوان پارتی و پەکەکە پەرە بسێنێت و کەمینەی ئێزدییش ئاگاداری ئەوەن کە لە سەردەمی تەنگەژەی نێوان پارتی و پەکەکە تەنها ئەوان دەبنە قوربانی.
- نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر، تایبەت بۆ کوردپرێس:
- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا تایبەت بۆ کوردپرێس: