SUNDAY, 20 DECEMBER 2020 - 12:17 نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق تایبەت بۆ کوردپرێس: ڕووسیا بەرپرسە لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر عەین عیسا بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە کوردپرێسی وت: ڕووسیا بە بێدەنگی هەمبەر هێرشی گرووپە چەکدارییەکانی سەربە تورکیا بۆسەر عەین عیسا دەیهەوێت کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ناوچەکە ڕادەستی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بکەن. |
«هووشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا بۆسەر ناوچەی عەین عیسا ڕایگەیاند: تورکیا و گرووپە چەکدارەکان لە دوو ڕۆژ پێش ئێستاوە چەندین هێرشیان بۆ سەر عەین عیسا ئەنجام داوە بەڵام هێرشەکانیان هەموو کەڕەتێک لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەرپەرچ دراوەتەوە.
ناوبراو وتیشی: ئەوەش ڕاگەیێندراوە کە گرووپە چەکداریەکان دوو گوندی "شیرفا" و "جووبیلا"یان کونترۆڵ کردووە، کە ئەمەش دوورە لە ڕاستیەوە و ئەم دوو گوندە کە کەسیان تێدا نییە لە ناوچەکانی پەرژینی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و گرووپە جیهادییەکاندایە.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕۆڵی ڕووسیە لە هێرشی گرووپە جیهادییەکاندا بۆسەر عەین عیسا وتی: ڕووسیا بەرپرسە لەم هێرشانەدا چوونکە تەزمینی ئاگربەستی کردووە و چەندین بنکەی چاودێریی سەربازیی لەم ناوچەیەدا هەیە.
هووشەنگ دەروێش جەختی کردەوە: بێدەنگی ڕووسیا لەمبارەوە جێگای سەرسوڕمانە و ئەم وڵاتە بەم بێدەنگی ڕاگرتنە بەنیازی ئەوەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات عەین عیسا ڕادەستی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
- نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر، تایبەت بۆ کوردپرێس:
- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا تایبەت بۆ کوردپرێس: