13:51 PM   IRAQ
MONDAY, 25 NOVEMBER 2024
 به په‌له |◀   بەرپرسێکی ئەمریکی: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا درێژەی بە ئەرکی ئاسایی خۆی دەدات
SUNDAY, 20 DECEMBER 2020 - 11:53
سەرۆکی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) تایبەت بۆ کوردپرێس:
سەردانەکەی کازمی بۆ تورکیا بەمەبەستی گوشارخستنە سەر کورد بوو/ ئەنقەرە و بەغداد دەسکەتەکانی کورد بە مەترسی دەزانن

بەشی تورکیا- سەرۆکی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) دەڵێت: بانگهێشتی سەرک وەزیرانی عێراق لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ سەردانی کردنی تورکیا بە ئامانجی گوشار خستنە سەر کورد و وابەستە کردنی زیاتری ئابوور و سیاسەتی کوردەکان بە ئەنقەرە و بەغدایە.

«حکمەت سەربلند» سەرۆکی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و کاریگەریی لەسەر دۆخی کوردەکان، ڕایگەیاند: لەئێستادا سەردانی کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا و دیدار لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کاریگەریی نەرێنیی و شاراوە لەسەر دۆخی کوردەکان لە عێراق و تورکیا دروست دەکات.

ناوبراو درێژەی دا: حکوومەتی تورکیا هەر دەرفەتێک دەقۆزێتەوە کە هێرش بکاتە سەر دەسکەوتی کوردەکان و دەیهەوێت بە هاوکاری لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە بوونی دەسکەوتی سیاسیی کوردەکان لەناو ببات و کورد لە هیچ ناوچەیێکدا خاوەنی دەسکەوتی سیاسی نەبن.

حکمەت سەربلند زیاتر وتی: پێش سەردانەکەی کازمی بۆ تورکیا، لە ماوەی ساڵێکدا تورکیا هێرشی بەربڵاوی دژ بە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و جگە لەوەش هەموو ڕۆژێک و ناوچە سنوورییەکانی تۆپباران دەکرد و هاوکات بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان پەرەپێداوە و ئەمانەش دەریدەخەن کە تورکیا بەنیازە هەرێمی کوردستان بخاتە تەنگانەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: تورکیا جگە لە پرسی سەربازی دەیهەوێت لە بواری ئابووریشەوە هەرێمی کوردستان وابەستەی خۆی بکات. تورکیا بە هاوکاریی دیکەی ئەکتەرانی ناوچەکە ناکۆکیی ناوماڵی کورد پەرەپێدەدات و شەڕی ناوخۆیی لەنێو کورددا هەڵگیرسێت.

سەرۆکی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) ئەوەشی شیکردەوە: ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ناوەندیی عێراق بوودجەی هەرێمی کوردستانی عێراقی بڕیوە و ناڕەزایی خەڵک لە هەرێمی کوردستانی عێراق سەریهەڵداوەتەوە و ئەوەش ڕوون و ئاشکرا بوو کە ڕۆڵیان هەبوو لە هاندانی خۆپیشاندەران بە کاری تێکدەرانە و توند و تیژی. لە ئەنجامیشدا چەند کەس گیانیان سپارد و ژمارەیێک نووسینگە و بارەگا حکوومییەکان لە خۆپیشاندانەکاندا سووتێنران.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئامانجی دوو لایەنەکە دروست کردنی گوشاری سیاسی و ئابووری لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لەمبارەوە چەندین ڕێککەوتنیان کردووە کە یەک لەوانەش لەبواری نەوتدایە.

حکمەت سەربلند وەبیری هێنایەوە: یەک لەو ڕێککەوتنانە لەسەر نەوتە و بەغدا دەیهەوێت کە نەوتی عێراق لەڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا نەگوازێتەوە. پرسی دووهەم پرسی ئاوە. پرسی سێهەم ڕێککەوتنە سیاسی و ئابوورییەکانە لەبارەی گوشار خستنە سەر هەرێم و دروست کردنی دەروازەی سنووریی نوێیە.

ئەو سیاسەتوانە کوردە لەبارەی نیازی تورکیا لەبارەی هەرێمی کوردستان زیاتر وتی: تورکیا بەنیازە دەسەڵاتی خۆی لەسەر هەرێمی کوردستان فەراوانتر بکات و هەم تورکیا و هەم عێراق بوونی دەسکەوتێکی سیاسی کورد وەکوو هەڕەشەیێک دەزانن و دەیانهەوێت لەناوی بەرن.

حکمەت سەربلند زیاتر وتی: ئەمە پەیامێکی ئاشکرایە و پێویستی بە شیکاری نییە. تورکیا هەم لەبواری سیاسی و هەم لە بواری ئابووری و سەربازی و ئەمنییەوە نایەوێت هەرێمی کوردستان بەهێز بکرێت و لە هەر ڕێگایێکەوە هەوڵ بۆ لەناو بردنی سەقامگیریی دەدات و سەردانەکەی کازمیش هەر لەو چوارچێوەدا بوو.

سەرۆکی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) وەبیری هێنایەوە: هەمان سیاسەتیش لە کوردستانی تورکیا درێژەی هەیە و حکوومەتی ئەردۆغان سیاسەتوانانی کورد لە پەرلەمان دوور دەخاتەوە و بۆ زیندانیان دەبات و بۆ ئەو شارەوانیانەی کورد بەڕێوەی دەبات قەیوم دیاری دەکات.

ناوبراو وتی: ئەردۆغان بەنیازی شەر کردن لەگەڵ هەموو کوردێکە و سەردەمێکە کە لە تورکیا و سووریا و عێراق شەڕێکی بەربڵاوی دژ بە کورد دەست پێکردووە. ئەردۆغان تەنها بەمەشەوە نەوەستاوە و بە هاوکاریی پووتین و ترەمپ بە ڕووداوە نێونەتەوەییەکان لە لیبیا و قەرەباخ و دیکەی ناوچەکانیشەوە گلاوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەستێرەی بەختی ئەردۆغان نیشتووە هیچ کەسێکی دیکە هاوڕێی ئەردۆغان نییە بەتایبەت کە پاش هەڵبژاردنەکانی ئەمرکیا ترەمپ وەکوو دۆستی ئەردۆغان سەرنەکەوت و بایدن هەڵبژاردنەکانی بردەوە کە سیاسەتێکی دژی ئەردۆغانی هەیە.

حکمەت سەربلند وەبیری هێنایەوە: بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا لایەنی کوردەکانی گرت و پشتگیریی لە بوونی سیاسەتی کورد کرد ئەمەش دەریدەخات کە ئەردۆغان وەکوو ڕابردوو ناتوانێت درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی دژ بە کوردەکان بدات.

سەرۆکی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) جەختی کردەوە: ئەردۆغان بەنیازە پێش ئەوەی کە بایدن بگاتە سەر دەسەڵات هێرشێکی دیکە دژ بە کوردەکان دەست پێبکات و ئەم بۆشاییە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و سەردانەکەی کازمی-ش بۆ ئەنقەرە هەر بە ئامانجی گوشار خستنە سەر کوردەکان بەتایبەت هەرێمی کوردستانی عێراق بوو.

ئەم سیاسەتوانە کوردە لەبارەی دەوری هەرێمی کوردستان لە سیاسەتە هەرێمییەکاندا وتی: هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر لە عێراق ڕۆڵێکی گرینگ لە سیاسەتی ناوچەکەدا دەگێڕێت و کونسۆڵخانەی ژمارەیێک زۆر لە وڵاتانی ناوداری جیهان لەو ناوچەدا بینا کراوە و وەکوو ناوەندێکی کوردیی گرینگ و چارەنووسساز بۆ کوردەکانە بۆیەش بەنیازی تێکدانی نەزمی ئەم ناوچەیەدان.

ناوبراو درێژەی دا: پاشهاتەکانی ئەم سەردانەش بەزووترین کات دەرکەوت و دوو شەوی ڕابردوو تورکیا 8 گوندی لە ناوچەی زاخۆ بۆردوومان کرد. ئەردۆغان دەیەوێت بەزووترین کات هەرێمی کوردستان لەبواری ئابووری و سیاسی و سەربازی وابەستە بەخۆی بکات و هەمان سیاسەتیش لە کوردستانی سووریا و شەنگالیش جێبەجێ بکات.

ناوبراو زیادی کرد: ساڵی 2021 دەتوانێت ساڵێکی گرینگ و چارەنووسساز بێت ئەگەر کورد بگاتە یەکڕیزی و ڕێککەوتن لە پرسە جیاجیاکاندا. دونیا بەشێوەیێکی دیکە چاو لە کورد دەکات ئەگەر کوردەکان بتوانن بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه